که‌ تۆیان کوشت ده‌ستیان شکێ‌،
به‌هێزترین ئه‌ستوونده‌کی‌ تاوڵی‌ مرادی‌ کورد شکا.
که‌ تۆیان کوشت چاویان کوێر بێ‌،
گشت کوردستان زریکاندی‌

که‌ تۆیان کوشت کۆستیان که‌وێ‌،
گڕ که‌وته‌ خه‌رمانی‌ کورد هه‌تا بۆی‌ کرا سووتاندی‌
جرجه‌ مشکی‌ خاوه‌ن گه‌رای‌ شوومی‌ تاعوون،
و ایانزانی‌ ئیدی‌ ده‌ریا
ته‌نانه‌ت یه‌ک هه‌ناسه‌ش وێی‌ ناکه‌وێ‌
تا وه ‌خرۆش که‌وێته‌وه‌.
وایانزانی‌ ئه‌وی‌ چوو چوو.
نا یه‌ته‌وه‌،
نه‌یانزانی‌ گڕکان دوای‌ دامرکانیشی‌
سه‌رله‌نوێ‌ گڕ ده‌گرێته‌وه‌
کوردستانیان نه‌ناسیبوو نه‌یانزانی‌ کوردستان گشتی‌ گڕکانه‌.
له‌ نێو دڵی‌ زامداری‌ دا ژانه‌کانی‌ هه‌ڵ‌ده‌گرێ‌،
په‌نگ به‌ خه‌فه‌ته‌کان ده‌دا،
فرمێسکه‌کان ده‌خواته‌وه‌،
جارجار خۆی‌ راده‌چڵه‌کێنێ‌‌و هه‌رمانی‌ خۆی‌ ده‌سه‌لمێنێ‌.
به‌ ئاگری‌ یادی‌ شه‌مه‌ کوژراوه‌کان هه‌ر ده‌کوڵێ‌،
هه‌ر ده‌کوڵێ‌ هه‌تا هێنده‌ی‌
باڵای‌ به‌رزی‌ سه‌ربه‌رزیی‌ سه‌رداره‌کانی‌ گڕده‌گرێ‌.






5 امتیاز + / 0 امتیاز - 1393/06/30 - 12:44 در ما ایرانی ها

(5 )